ڕێنماییەکانى ڕاهێنانى ڕاهێنراو لە دەرەوەى ووڵات

 

 

تێبینى: ڕاهێنراو دەبێت ئەم خاڵانەى خوارەوە به‌ ووردى بخوێنێتەوە ، وه‌ بۆ هەر ڕوونکردنەوەیەک یان پێشکەشکردنى ئەو بەڵگەنامانەى کە لە خوارەوە داواکراوە سەردانى بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمی نێودەولەتى بکات لە باڵەخانەى بۆردى کوردستان / نهۆمى پَێنجەم

بە پێى ڕێنماییەکانى خوێندن لە بۆردى کوردستان مەرجە هەر ڕاهێنراوێک بەشێک لە ڕاهێنانەکەى لە سەنتەرێکى پزیشکى باوەڕپێکراوى جیهانى لە دەرەوەى ووڵات ئەنجام بدات بۆ ماوەى (کەمتر نەبێت لە شەش 6 مانگ وە زیاتر نەبێت لە دوانزە 12 مانگ) دواى دەرچوونى لە تاقیکردنەوەکانى بەشى یەکەمى بۆردى کوردستان (Part-I) دواى ساڵى یەکەمى خوێندن و ڕاهێنان . بەپێى ئەم رێنماییانەى خوارەوە:
1.    پێویستە وێنەیەک لە فەرمانى کاڕگێرى ئەنجامى دەرچوونى ڕاهێنراو لە تاقیکردنەوەکانى (Part-I) یان بەخشینى لە تاقیکردنەوەکان بدرێتە بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمی نێودەولەتى لە بۆردى کوردستان.
2.    دواى دەرچوونى فەرمانى وەزارى بۆ ناردنى ئەم ڕاهێنراوانە بۆ ڕاهێنان لە دەرەوەى هەرێم، گشتیان ئاگادار دەکرێنەوە کە لە ماوەى (3) سێ هەفتە گشت پێداویستیەکانى خوارەوە بۆ سەفەرکردن ئامادە بکەن  :
       ا.    وەرگرتنى فیزا .
      ب‌.    بڕینى پلیتى فڕۆکە .
      ج.    بریکارنامەى تایبەت بۆ وەرگرتنى مووچە و خەرجیەکانى ڕاهێنان .
      د.    ئامادەکردن و پێشکەش کردنى پڕۆگرامى ڕاهێنانى دەرەوە کە لە لایەن ئەنجومەنە پسپۆرییەکان و بەڕێوەبەرى پڕۆگرامەکان ئامادە بێت پێش سەفەرکردنى ڕاهێنراوان.
      هـ.    هێنانى بەڵگەى دەست لەکارهەلگرتن لە سەنتەرەکانى راهێنانى ناوەوەى هەرێم .
3.    ماوەى نێوان دەست لەکارهەڵگرتن لە ناوەوەى هەرێم و دەست بەکاربوون لە دەرەوەى ووڵات نابێت لە یەک هەفتە زیاتر بێت بە پێچەوانە ڕاهێنراو بە (غائب) ئەژمار دەکرێت .
4.    بۆ هەر ڕاهێنراوێک بڕی نۆ سەد دۆلارى ئەمەریکى  (900) $ خەرجى گیرفان بۆ هەر مانگێک خەرج دەکرێت .
5.    پلیتى فڕۆکە بە پێی نزمترین ڕێژەى تێچووى سەفەر کردن بە هێلى ئاسمانى عێراقى (الخطوط الجویە العراقیە) خەرج دەکرێت .
6.    بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى بەشێوەیەکى فەرمى داوا دەکات لە سەنتەرەکانى ڕاهێنانى دەرەوە کەوا سەرپەرشتیارێک بۆ هەر ڕاهێنراوێک تەرخان بکەن بۆ بەدواداچوون و پابەند بوونى ڕاهێنراو بە ڕاهێنان .
7.    دواى گەیشتنى ڕاهێنراو بۆ ووڵاتى دەرەوە بە مەبەستى ڕاهێنان دەبێت به‌ڵگه‌نامه‌ى دەست بەکاربوون بنێرێت بۆ ئەنجومەنى پسپۆری پزيشكى وە بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى ڕاهێنان وە بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى لە رێگەى ئیمیل بۆ وەکیلەکەى خۆى و ڕادەستى ئەو شوێنانە بکرێت.
8.    هەر ڕاهێنراوێک پابەند دەبێت بە دروست کردنى پەیوەندى نێوان سەرپەرشتیارەکەى و سەرپەرشتیارى ناوەکى بۆ بەدواداچوونى شێوە و ئاستى ڕاهێنانى دەرەوە و دەبێت ئەم پڕۆسەیە بە ووردى لە لایەن ئەنجومەنى پسپۆری پزيشكى جەختى لەسەر بکرێت و بەدواداچوونى زانستى بۆ بکرێت ، وە ئەگەر هەر کەم و کوڕیەکى کارگێرى لەم پڕۆسەیە ڕووبدات دەبێت بە رێگاى ئەنجومەنى پسپۆری پزيشكى ئاگادارى بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى بکرێت بۆ بەدواداچوون وچارەسەر کردنى بە پێی پێویست.
9.    مانگانە ڕاهێنراو پشتگیرى بەردەوام بوون لە ڕاهێنان دەبێت بنێرێت بۆ بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى (دواى گەیشتنى ئەم پشتگیریە، کۆپیەک لە لایەن بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى دەدرێت به‌ بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى ڕاهێنان و ئەنجومەنى پسپۆری پزيشكى وە دۆسیەى تایبەتى ڕاهێنراو)   لە ڕێگەى وەکیلەوە ، بەپێچەوانە گشت خەرجیەکانى ڕادەگیرێت .
10.    پێویستە لەسەر هەموو ڕاهێنراوان (Logbook) ئامادە بکەن وە لە کۆتایی ڕاهێنان وێنەیەک پێشکەشى ئەنجومەنى پسپۆری پزيشكى و بەڕێوەبەرایەتى کاروبارى ڕاهێنان و بەڕێوەبەرایەتى پەیوەندی ئەکادیمى نێودەولەتى بکەن ، لەبەر ئەوەى ئەم (Logbook)ە هەژمار دەکرێت لەسەر نمرەى کۆتایی تاقیکردنەوەکانى (Part-II) .
11.    دواى تەواو کردنى ماوەى ڕاهێنانى دەرەوە دەبێت ڕاهێنراو وێنەیەک لە به‌ڵگه‌نامه‌ى دەست لەکارهەڵگرتنى لە دەرەوەى هەرێم و دەست بەکاربوونى لە ناوەوەى هەرێم بهێنێت بۆ بۆردى کوردستان لە ماوەى یەک هەفتە ( نابێت ماوەى نێوان دەست لەکار هەڵگرتن و دەست بەکاربوون لە یەک هەفتە زیاتر بێت ).